کونسول گشتی
اخبار > سه‌رکۆنسووڵی ئێران ده‌سکه‌وته‌کانی پێشانگای زانکۆکانی ئه‌م وڵاته‌ی له‌ هه‌ولێر خسته‌ڕوو


  چاپ        هه‌ناردن بۆ دۆست

سه‌رکۆنسووڵی ئێران ده‌سکه‌وته‌کانی پێشانگای زانکۆکانی ئه‌م وڵاته‌ی له‌ هه‌ولێر خسته‌ڕوو

سه‌رکۆنسووڵی ئێران ده‌سکه‌وته‌کانی پێشانگای زانکۆکانی ئه‌م وڵاته‌ی له‌ هه‌ولێر خسته‌ڕوو

سه‌رکۆنسووڵی کۆماری ئیسلامی ئێران به‌ڕێوه‌چوونی پێشانگای توانای زانکۆ ئێرانییه‌کان له‌ هه‌ولێر به‌ ڕووداوێکی هه‌ره‌ گرنگی زانستی و به‌ره‌وپێشچوونێکی زۆر له‌ په‌یوه‌ندییه‌ زانستییه‌کان له‌ گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستانی عێراق ناو ده‌بات.
مورته‌زا عه‌بادی په‌یوه‌ندی و هاوکاری نێوان زانکۆکانی ئێران و هه‌رێمی کوردستانی به‌ ستراتیژی ناو برد و وتی: به‌ڕێوه‌چوونی پێشانگای توانای زانکۆ ئێرانییه‌کان له‌ هه‌ولێر به‌ ڕووداوێکی گرنگ داده‌نرێت که‌ ده‌رفه‌تی نوێی بۆ هاوکاری زیاتری نێوان زانکۆکانی هه‌ر دوو لا کردووه‌ته‌وه‌.
ئاستی پێشوازی له‌ پێشانگای توانای زانکۆ ئێرانییه‌کان
ناوبراو سه‌باره‌ت به‌ ئاستی پێشوازی له‌ پێشانگاکه‌ش وتی: ئه‌م پێشانگایه‌ به‌ ئاماده‌بوونی وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و هه‌روه‌ها به‌رپرسانی حیزبی و حکومی و سه‌رۆکی چه‌ندین زانکۆ به‌ تایبه‌ت سه‌رۆکی زانکۆی سه‌ڵاحه‌دین که‌ ڕۆڵی گرنگی له‌ به‌ڕێوه‌چوونیدا هه‌بووه‌، کرایه‌وه‌ و به‌ڕێز یوسف گۆران و شاندی یاوه‌ری پاش کردنه‌وه‌ی پێشانگاکه‌ بۆ ماوه‌ی دوو کاتژمێر سه‌رجه‌م ژووره‌کانی به‌ سه‌رکرده‌وه‌ و له‌ گه‌ڵ شاندی زانکۆکانی ئێران بیر و ڕایان ئاڵوگۆڕ کرد.
عه‌بادی له‌ درێژه‌دا وتی: نزیکه‌ی سێ هه‌زار که‌س له‌ مامۆستایانی زانکۆ، په‌یمانگا و ناوه‌نده‌ زانستییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان، خوێندکاران و ئه‌وانه‌ی که‌ ویستی درێژه‌دان به‌ پرۆسه‌ی خوێندنیان له‌ ئێراندا هه‌یه‌، پێشانگاکه‌یان به‌ سه‌ر کرده‌وه‌ و له‌م ڕووه‌شه‌وه‌ ده‌توانین پێشانگای زانکۆکانی ئێران له‌ هه‌ولێر له‌ بواری جیاوازدا به‌ سه‌رکه‌وتوو ناو ببه‌ین.
ده‌سکه‌وته‌کانی پێشانگای توانای زانکۆ ئێرانییه‌کان  له‌ هه‌ولێر
سه‌رکۆنسووڵی ئێران له‌ هه‌ولێر سه‌باره‌ت به‌ ده‌سکه‌وته‌کانی ئه‌م پێشانگایه‌ ڕایگه‌یاند: ئاشنایه‌تی به‌رپرسانی باڵا به‌ تایبه‌ت وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا، زانکۆکان، خوێندکاران و ناسینه‌وه‌ی ده‌رفه‌ته‌ زانستییه‌کانی لایه‌نی به‌رامبه‌ر به‌ ئامانجی سه‌ره‌کی به‌ڕێوه‌چوونی پێشانگاکه‌ی ئێران داده‌نرا و نوێنه‌رانی زانکۆکانی ئێران ئه‌و ده‌رفه‌ته‌یان بۆ ڕه‌خسا که‌ ڕۆژی پێش کردنه‌وه‌ی فه‌رمی پێشانگاکه‌ به‌ ئاماده‌بوونی خۆم له‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌کی تایبه‌ت له‌ گه‌ڵ وه‌زیری خوێندنی باڵای حکومه‌تی هه‌رێم و جێگره‌کانی، توانا و تایبه‌تمه‌ندی زانکۆکانی ئێران بخه‌نه‌ڕوو و پاڵپشتی وه‌زیری خوێندنی باڵای هه‌رێم بۆ گه‌شه‌پێدانی په‌یوه‌ندی نێوان زانکۆکانی هه‌ر دوو لا مسۆگه‌ر بکه‌ن. له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌ شاندی زانکۆکانی ئێران چل کۆبوونه‌وه‌ی تایبه‌تیان له‌ گه‌ڵ زانکۆکانی هه‌رێمی کوردستان هه‌بووه‌ و سی و پێنج یادداشتی لێک تێگه‌یشتنی هاوکاری له‌ نێوان زانکۆکانی هه‌ر دوو لا واژۆی له‌ سه‌ر کراوه‌. به‌ گشتی ده‌توانین بڵێین که‌ به‌ پێی به‌شداری 33 زانکۆی ئێرانی و 35 یادداشتی لێک تێگه‌یشتنی واژۆکراو، پێشانگاکه‌ به‌ ڕووداوێکی زانستی سه‌رکه‌وتوو هه‌ژمار ده‌کرێت.
چاودێری جێبه‌جێکردنی یادداشته‌ هاوبه‌شه‌کان ده‌کرێت
ڕاشیگه‌یاند: لێژنه‌یه‌کی تایبه‌ت له‌ لایه‌ن کۆنسووڵخانه‌ی کۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه‌ بۆ چاودێری جێبه‌جێکردنی ئه‌و یادداشته‌ هاوبه‌شانه‌ پێکهێنراوه‌ و چاودێری جێبه‌جێکردنی هه‌موو ئه‌و خاڵانه‌ ده‌کات که‌ زانکۆکانی هه‌ر دوو لا سه‌ری ڕێکه‌وتوون.
کردنه‌وه‌ی لقی زانکۆ ئێرانییه‌کان یان زانکۆی هاوبه‌ش
مورته‌زا عه‌بادی سه‌باره‌ت به‌ کردنه‌وه‌ی لقی زانکۆکانی ئێران له‌ هه‌رێمی کوردستان وتی: زانکۆکانی زانست و پیشه‌سازی و زانسته‌ پزیشکییه‌کانی تاران ئاماده‌یی خۆیان بۆ کردنه‌وه‌ی لقی خۆیان له‌ هه‌رێم یان کردنه‌وه‌ی زانکۆی هاوبه‌ش له‌ گه‌ڵ زانکۆکانی هه‌رێمی کوردستان ده‌ربڕیوه‌، ئه‌وان به‌رنامه‌ی خۆیان به‌ لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار داوه‌ و بڕیار دراوه‌ که‌ نوێنه‌ری ئه‌و زانکۆیانه‌ به‌شداری له‌ کۆبوونه‌وه‌ی لێژنه‌ی هاوپه‌یوه‌ند له‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی حکومه‌تی هه‌رێمدا بکه‌ن.
سه‌رکۆنسووڵی ئێران هه‌روه‌ها وتی: زانکۆی زانست و پیشه‌سازی پێشتر ئاماده‌یی خۆیی بۆ کردنه‌وه‌ی لقی ئه‌م زانکۆیه‌ له‌ هه‌ولێر ڕاگه‌یاندووه‌ و ته‌نانه‌ت موڵه‌ته‌ سه‌ره‌تاییه‌کانی له‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵای هه‌رێم ده‌رکراوه‌ و موڵه‌تی کۆتایی چاوه‌ڕێی بڕیاری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌، ئه‌ڵبه‌ت زانکۆکه‌ ناوی سلێمانیشی وه‌ک شوێنی دووه‌می کردنه‌وه‌ی لقی خۆی هێناوه‌ که‌ له‌ ئێستادا ئه‌و پێشنیاره‌ تاوتوێ ده‌کرێت.
خوێندکارانی کورد چۆن ده‌توانن له‌ ئێران درێژه‌ به‌ پرۆسه‌ی خوێندن بده‌ن؟
ناوبراو سه‌باره‌ت به‌ چۆنیه‌تی درێژه‌دانی خوێندکارانی کورد به‌ پرۆسه‌ی خوێندن له‌ زانکۆ ئێرانییه‌کان وتی: خوێندکارانی کورد ده‌توانن به‌ پێی ئاست و توانای خۆیان، قۆناغ و بواری خوێندن، زانکۆی خوازراوی خۆیان له‌ ئێران ده‌ستنیشان بکه‌ن و پاشان له‌ ڕێگای ماڵپه‌ڕی هه‌ر زانکۆیه‌که‌وه‌ یان به‌ ئاماده‌بوون له‌ به‌شی ڕۆشنبیری کۆنسووڵخانه‌، وێڕای ئاگاداربوون له‌ هه‌لومه‌رجی خوێندنی له‌ ئێران، ناوی خۆیان له‌ ڕێگای ئه‌نته‌رنێته‌وه‌ تۆمار بکه‌ن و ئیش و کاره‌کانیان به‌ پێی پێویست له‌ کۆنسووڵخانه‌ بۆ ڕایی ده‌کرێت.
مورته‌زا عه‌بادی وتی: ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ ڤێزه‌ی خوێندن له‌ لایه‌ن کۆنسووڵخانه‌وه‌ وه‌رده‌گرن، به‌و مانایه‌ ده‌بێت که‌ موڵه‌تی ته‌واوی خوێندیان له‌ ئێران پێ ده‌درێت و مانه‌وه‌یان له‌ ئێران ڕێگاپێدراوه‌ و ده‌توانن درێژه‌ به‌ پرۆسه‌ی خوێندن بده‌ن.
پێشانگای توانا و تایبه‌تمه‌ندی زانکۆ ئێرانییه‌کان له‌ هه‌ولێر به‌ پاڵپشتی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵای حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و کۆنسووڵخانه‌ی کۆماری ئیسلامی ئێران و زانکۆی سه‌ڵاحه‌دین له‌ ڕۆژانی 28 و 29 ی سه‌رماوه‌زی ڕابردوو به‌ ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ مامۆستایان، خوێندکاران و به‌رپرسانی په‌یوه‌ندیدار به‌ڕێوه‌چوو


12:36 - 2/01/2019    /    ژماره‌ : 551849    /    ژماره‌ی پیشاندرانه‌کان : 100


Users Comment
No Comment for this news
Your Comment
ناو :
ئیمه‌یل : 
*not exist :
Captcha:
 

داخستن




وه زارتي کار و باڕي ده ره وه  | رووداوێ ئه لکترونيک | پيوه ندي لگڵ ئيمه  | کاتژمێره کاني کارێ ئيداري | نخشه ي ماڵپه ڕ | گه ڕان | گاڵيري وێنه کان